تەیەمموم

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-23-17:00:00 - کۆدی بابەت: 3581
تەیەمموم

ناوه‌ڕۆك

باسی تەیەمموم

تەیەمموم ئەوەیە لە جیاتی بەکارهێنانی ئاو -بۆ دەستنوێژ و غوسل- تۆزێکی پاک بە ڕووخسار و هەردوو دەستەکانیدا بدا.

مەرجەكانی

مەرجەکانی دروستبوونی تەیومموم کردن بۆ بێ دەستنوێژی و بۆ جەنابەت پێنجن:

یەکەم: نەگونجانی بەکارهێنانی ئاوە بە هۆی ڕێبواری و یان بە هۆی نەخۆشی، خوای گەورە ئەفەرمووێ: (وَإِنْ كُنتُمْ مَرْضَى أَوْ عَلَى سَفَرٍ)، ئەگەر نەخۆش بوون یان ڕێبوار بوون -لە کۆتاییدا ئەفەرمووێ:- تەیەمموم بکەن.

جا ئەگەر کەسێک ئەیزانی لەو شوێنە ئاو نییە، ئەبێ یەکسەر تەیەمموم بکات، جیاوازی سەفەر و ماڵەوە نییە، بەڵام ئەگەر گومانی هەبوو، یان شارەزای شوێنەکە نەبوو، ئەوا ئەبێ بە دەوروبەری خۆیدا بگەڕێ و بچێتە سەر بەرزاییەکان و تەماشا بکات، ئینجا ئەگەر ئاو نەبوو، تەیەمموم ئەکا و قەزاکردنەوەی نوێژەکەی لەسەر واجب نییە، بەو مەرجەی سەفەرەکەی تاوانباری نەبێ، هەروەها ئەگەر ئاو بە نۆبەت بێ و بزانێ، لە کاتی نوێژ نۆبەتی ناگاتێ، واجبە تەیەمموم بکا و قەزاکردنەوەی نوێژەکەی لەسەر واجب نییە.

هەروەها ئەگەر کەسێک نەخۆش بێ و ترسی هەبێ ئەگەر خۆی بە ئاو بشۆرێ زیاتر ببێ، یان درەنگتر چاک ببێتەوە، یان زیانێکی تری پێ بگا، ئەمەش با تەیەمموم بکا و قەزاکردنەوەی ئەو نوێژانەی لەسەر نییە، جا لە ماڵەوە بێ، یان لە سەفەر بێ.

دووەم: کاتی نوێژ هاتبێ و ئینجا تەیەمموم بکا، واتە پێش هاتنی کاتی نوێژ تەیەمموم دروست نییە.

سێیەم: بە دوای ئاودا بگەڕێ، جا ئەگەر دەستی نەکەوت با تەیەمموم بکا، چونکە خوای گەورە فەرموویەتی: (فَلَمْ تَجِدُوا مَاءً فَتَيَمَّمُوا صَعِيدًا طَيِّبًا) ئەگەر ئاوتان دەست نەکەوت، هەوڵی گڵێکی پاک بدەن.

هەرکەسێک لەبەر نەبوونی ئاو لەو شوێنەدا تەیەمموم بکات، کە بەزۆری ئاوی هەیە، بەڵام جار جارە ڕووئەدا ئاوی لێنییە، واجبە نوێژەکەی قەزا بکاتەوە، جیاوازی چۆڵی و ئاوەدانی و ڕێبوار و نیشتەجێ نییە.

چوارەم: نەگونجانی بەکارهێنانی ئاوە، یان لە ترسی دوژمن، یان لەبەر دز، یان لەبەر سەرما (عن عمرو بن العاص: أنه أجنب فتیمم من شده البرد وصلی فأقره النبیﷺ)رواه البخاري، (عەمر)ی کوڕی (عاس) جەنابەتی تووش بوو، لە ترسی سەرما تەیەممومی کرد و نوێژی کرد، پێغەمبەر ﷺ هیچی پێ نەگوت.

ئەو کەسەی لە ترسی سەرما، واجبە نوێژەکەی قەزا بکاتەوە، جیاوازی ڕێبوار و ماڵەوە نییە، بەڵام لە فەرموودەیەکی تری ئیمام (الشافعي) و ئیمام (أحمد)دا: قەزاکردنەوەیان لەسەر نییە، هەروەها ئەگەر ئەگونجا ئاوەکە گەرم بکا، واجبە گەرمی بکا و نابێ تەیەمموم بکا، هەر چەند کاتی نوێژیش بەسەر بچێ.

پێنجەم: ڕوودانی پێویستییە بۆ ئەم ئاوە، دوای دەستکەوتنی ئاوەکە، جا بۆ خۆی بێ، یان بۆ ئادەمیزادێکی تری بەڕێز -واتە: نوێژنەکەر نەبێ و لەگەڵ ئیسلام جەنگ نەکا و لە دین دەرنەچووبێ- کەوابوو ئاوەکە لەو پێویستییانە بەکار دێنێ و تەیەمموم ئەکا و قەزاکردنەوەی لەسەر نییە، بەو مەرجەی لە سەفەری تاوانباری نەبێ.

ئەو گڵەی تەیەممومی پێ ئەکا، ئەبێ پاک بێ و ئەبێ تۆزی هەبێ، خوای گەورە فەرموویەتی (فَتَيَمَّمُوا صَعِيدًا طَيِّبًا) هەوڵی گڵێکی پاک بدەن بۆ تەیەمموم. جا ئەگەر تێکەڵی ئەو گڵە بووبێ گەچ یان لیم، ئەوە تەیەممومی پێ دروست نییە، چونکە ئەم دووانە گڵ نین، بەڵام ئەگەر لیمەکە تۆزی هەبوو، ئەوە تەیەممومی پێ دروستە.

پێویستییەکانی تەیەمموم

پێویستییەکانی تەیەمموم چوارن:

یەکەم: نییەتهێنانە، واتە: بە دڵ نیازی ئەوەبێ، کە نوێژکردن حەڵاڵ ئەکا، چونکە بە تەیەمموم بێ دەستنوێژی و جەنابەت لاناچن (عن أبي ذر قال: قال رسولُ الله ﷺ: الصَّعيدُ وضوء المسلم وإن لم يجد الماءَ عشر سنين, فإذا وجد الماءَ فليتَّقِ الله, وليُمِسَّه بشرَتَه) رواه أصحاب السنن، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: خۆڵی پاکژ دەستنوێژگرتنی موسوڵمانە ئەگەر تا دە ساڵیش ئاوی دەست نەکەوێ، بەڵام هەر کاتێ ئاوی دەستکەوت، با خۆی پێ پاکژ بکاتەوە لە بێ دەستنوێژی و لەشپیسی.

دووەم: هێنانی دەستی بە تۆزە بە سەر ڕووخساریدا.

سێیەم: هێنانی دەستی بە تۆزە بەسەر هەردوو دەستەکانیدا لەگەڵ ئانیشکەکانی، خوای گەورە ئەفەرمووێ: (فَامْسَحُوا بِوُجُوهِكُمْ وَأَيْدِيكُم مِّنْهُ) ڕووخسار و دەستەکانتان بە تۆزی ئەو گڵە پاکە مەسح بکەن. (تەیەمموم وەک دەستنوێژە کە باسی ئانیشک لەوێ کراوە).

چوارەم: بەجێهێنانی ئەو ڕیزەیە کە لە ئایەتی پیرۆزدا گوتراوە.

سوننەتەکانی تەیەمموم

سوننەتەکانی تەیەمموم سێ دانەن: 
یەکەم: گۆتنی (بسم الله الرحمن الرحیم).
دووەم: پێش خستنی لای ڕاستەیە لەسەر لای چەپە.
سێیەم: لە یەک شوێن بەدوای یەکدا تەیەمموم بکا، هەروەک لە دەستنوێژدا باسی ئەو سوننەتانە کراوە.

قبووڵنەبوونی تەیەموم

ئەو شتانەی تەیەمموم هەڵئەوەشێننەوە سێ شتن:

یەکەم: ئەو شەش شتانەی دەستنوێژیان هەڵئەوەشاندەوە، تەیەممومیش هەڵئەوشێننەوە.

دووەم: دەستکەوتنی ئاوە کە هێشتا نوێژی دانەبەستبێ. واتە ئەگەر دەستی بە نوێژ کردبوو، ئینجا ئاو پەیدا بوو، با نوێژەکەی تەواو بکا، بەڵام ئەگەر نوێژەکەی ببڕێ بۆ ئەوەی دەستنوێژ بگرێ و بە دەستنوێژەوە بیکا، ئەوە خێری زۆرترە.

سێیەم: کافربوونە، واتە بە کوفرکردنێک تەیەمموم هەڵئەوەشێتەوە.

ئەو کەسەی برینی، یان شکەستی پێچراوە و نەئەگونجا پێچەرەکە لاببا دەستی تەڕ دێنێ بەسەر پێچەرەکەدا، بەڵام ئەبێ ئەندامە ساغەکانی تری بە ئاو بشوا، ئینجا کە نۆبەتی زامدارەکە هات، بە ئاو مەسحی بکا ئینجا کە ئەندامە زامدارەکەی بە ئاو مەسح کرد، تەیەمموم ئەکا بۆ ئەوەی ڕیزەکە تێک نەچێ، نوێژ ئەکا، قەزای نوێژەکەی لەسەر نییە بەو مەرجەی کە پێچەرەکەی داناوەتە سەر برینەکە لەسەر بە دەستنوێژی بووبێ، چونکە ئەم پێچەرە وەک خوف وایە -کە باسمان کرد- کەوابوو ئەگەر لەسەر بێ دەستنوێژی پێچەرەکەی دانابوو، ئەبێ نوێژەکە قەزا بکاتەوە.
هەروەها ئەگەر ئەو پێچەرە لە ئەندامەکانی تەیەمموم بوو: وەک دەست و ڕوخسار، هەر ئەبێ نوێژەکەی قەزا بکاتەوە، چونکە -لەبەر پێچەرەکە- نە ئاوی ئەگاتێ و نە تۆز، پێغەمبەر ﷺ ئەفەرمووێ: (إذَا أَمَرْتُكُمْ بِأَمْرٍ فَأْتُوا منه ما اسْتَطَعْتُمْ) رواه الشیخان، کاتێ فەرمانێکم پێ کردن، بە گوێرەی تواناتان بیکەن.
کەوابوو: ئەم جۆرە تەیەممومە بۆ جێبەجێ کردنی فەرمانی خوا و پێغەمبەرە ﷺ، جا ئەگەر لابردنی پێچەرەکە ئەگونجا و زیانی نەبوو، واجبە بۆ دەستوێژ و بۆ تەیەمموم لای ببا.

واجبە تەیەمموم بکا بۆ هەموو نوێژێکی واجب، وە بۆ هەر شتێکی تر، کە بەبێ دەستنوێژی دروست نەبێ، وەک خوتبەی جومعە و تەواف کردن... هتد (عن ابن عمر رضي الله عنهما قال: يتيمم لكل فریضة وإن لم يحدث)رواه البیهقي، (ابن عمر) -خوا لێیان ڕازی بێ- فەرمووی: بۆ هەموو نوێژێک ئەبێ تەیەمموم بکرێ، هەر چەند بێ دەستنوێژیش نەبووبێ. دروستە بە یەک تەیەمموم نوێژ بکا، هەر چەند حەز ئەکا لە سوننەتەکان.

تەیەمموم بۆ بێ دەستنوێژی و بۆ لەش پیسی پیاو، یان ئافرەت: جا بە حەیز، یان بە نیفاس، بۆ زیندوو، یان بۆ مردوو، هەمووی وەکو یەکتری وایە

تەنها رووخسار و دەست مەسح ئەکرێن. جا ئەگەر مردووێک تەیەمموم کرا و نوێژی لەسەر کرا، ئینجا پێش ناشتنی ئاو دەستکەوت، واجبە بشۆرێ و دووبارە نوێژی لەسەر بکرێتەوە.

ئەگەر نە ئاوی دەست کەوت و نە گڵ جا بێ دەستنوێژ بێ، یان لەشی بە جەنابەت بێ، واجبە نوێژە فەرزەکان بکا و دوایێ قەزایان بکاتەوە، جا بەم کەسە ئەگوترێ: (فاقد الطهورین)، واتە: لە دەستچووی هەردوو پاکژکەرەوەکان: کە گڵ و ئاوە.


سەرچاوەکان



1442 بینین